با پیاوان كێشەی ژنان بە هی خۆیان بزانن
 یەک شەممە, 15 NOVEMBER 2009 20:34 ش
شنۆ میهرپەروەر
 لە ڕاپۆرتی یەكەمی ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافی مرۆڤدا هاتووە: “هەموو مرۆڤەكان بە پێگە و مافی یەكسان لە دایك دەبن، هەموو خاوەن عەقڵ و ویژدانن و هەموو دەبێت لە بەرانبەر یەكتردا وەك یەك بن.” ئەمە یەكێكە لە خاڵە سەرەكییەكانی ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافی مرۆڤ كە پێویستە هەموو وڵاتێكی ئەندامی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەرچاو بگرێت و پێڕەویی لێ بكات، بەڵام بە كردەوە دەبینین ئەوەی لە بەرچاو ناگیرێت، یەكسانبوونی مرۆڤەكان و دەستەبەربوونی مافەكانیانە و ڕۆژانە لەم جیهانە پان و بەرینەدا، شاهیدی
 پێشێلكرانی مافی مرۆڤ، بە تایبەتی پێشێلكردنی مافی نیوەی كۆمەڵ، واتە ژنان لە كۆمەڵگە جۆربەجۆرەكانداین. لە یەكێك لە سایتە ئەلیكترۆنییەكاندا ڕاپۆرتێكم خوێندەوە كە سەرەڕای دڵتەزێنبوونی ناوەرۆكی ڕاپۆرتەكە، كە ئاماژەی بە ڕاپۆرتی ڕێكخراوی جیهانیی تەندروستیی دەكرد سەبارەت بەوەی كە لە هەر خولەكێكدا ژنێك بە هۆی ئاسەوارەكانی حاڵەتی دووگیانی یان منداڵبوون گیانی لە دەست دەدات. 90%ـی ئەم جۆرە مردنانە، لە وڵاتانی ڕوو لە گەشە ڕوو دەدەن و هەروەها ئەو ئامارەیش خرابووە ڕوو كە ڕێژەی مردنی ژنان لەم حاڵەتەدا، زیاترە لە ڕێژەی ئەو ژنانەی لە شەڕەكاندا دەكوژرێن. خاڵێك كە سەرنجی ڕاكێشام، ئەوە بوو كە هەر لەم ڕاپۆرتەدا، (د. ئیوەز بێرگوین) بەڕێوەبەری سندووقی تەندروستیی ژنانی دووگیان لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، گوتوویەتی: “ئەگەر پرسی منداڵبوون و ئاسەوارەكانی، كێشە و گرفتێكی پیاوانە بووایە، لەو حاڵەتەدا ئێمە لە هەموو وڵاتاندا دەبووینە خاوەن وەزارەتخانەی “مردن بە هۆی منداڵبوونەوە،” كە زۆر بە جیددی ئەم كێشەیەی تاوتوو دەكرد و ڕێگەچارەیشی دەستنیشان دەكرد، هەر بۆیە منیش بە تەواوی لەگەڵ بۆچوونی بەڕێوەبەری سندووقی تەندروستیی ژنانی دووگیان هاوڕام و بە ڕاستی ئەگەر ئەو كێشانەی كە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە و ژنان تێیدا دەبنە قوربانی، ڕووی لە پیاوان بووایە، بێگومان بە لەبەرچاوگرتنی كۆمەڵگەی پیاوسالاری و دەستەڵاتی ڕەهای پیاوان لە كۆمەڵگە و داڕشتنی یاسا و ڕێوشوێنەكان لە هەموو ڕوویەك لە لایەن پیاوانەوە، پێشیان بەم كەموكوڕییانە دەگرت و سنوورێكیان بۆ دادەنا. كە وابوو، ئەگەر لە هەموو بارێكەوە پیاوان كێشەكانی ژنان بە كێشە و گرفتی خۆیان بزانن و شانبەشانی ژنان هەنگاوی جیددی بۆ چارەكردنیان هەڵبگرن، ئەو كاتەیە كە ئێمە چیدیكە شاهیدی هەواڵی دڵتەزێنی وەك ئەوەی كە لە هەر خولەكێكدا ژنێك بە هۆی ئاسەواری دووگیانی لە جیهاندا مەزڵوومانە گیان لە دەست دەدات و هەروەها جیاوازی و هەڵاواردن نابین. بێگومان لەم حاڵەتەدایە كە ماددەی یەكی ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافی مرۆڤیش دەستەبەر دەكرێت. بە هیوای كۆمەڵگەیەكی یەكسان و دوور لە چەوسانەوە و هەڵاواردن.